‌ڕاپۆرتە هەواڵ

پیسبوونی هەوا
مرۆڤ هەر لەو کاتەوە کە ئاگری بەکار هێناوە دەستی بە پیسکردنی هەوا کردووە شۆڕشی پیشەسازی بە دووکەڵە خۆڵەمێشییەکەی ئەم پیسبوونەی زیاد کرد، کاتێک پیسبوونی هەوا ڕوو دەات ئەگەر گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکی هەوادا ڕوو بدات ئەگەر پیکهاتەی تر تێکەڵ بوو ئەوا زیان بە زیندەواران دەگەیەنیت.

ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەوروپا پێناسەی ئەم جۆرە پیسبوونەی بەم جۆرە شێوازە کردووە: "هەوا پیس دەبێت کاتێک هەر ماددەیەکی تێدا بێت کە گۆڕانکاری گرنگ لە ڕێژەی ماددە سەرەکییەکاندا بکات کە دەبێتە هۆی کاردانەوە و زەرەرمەند و شپرزەبوونی و جەنجاڵی".

جۆرەکانی پیسبوونی هەوا زۆرن و ئەو پێکهاتە زیانبەخشانەی تێکەڵ بە هەوا دەبن، دەچنە لەشی مرۆڤەوە لە ڕێگەی هەناسەدان و خواردن و پێستەوە، خوێنیش ئەوپێکهاتە بە لەشی مرۆڤدا بڵاو دەکاتەوە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی، زۆربەی ئەو پیکهاتانەی کە لە هەوادا هەن لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ خۆیەتی.

کێشەی پیسبوونی هەوا لە هەموو جیهاندا بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و ئاشکرا کە ئێستا ڕووبەڕووی مرۆڤ و بوونەوەران بووەتەوە، لەبەر ئەوەی هەوا سەرچاوەی ژیانی مرۆڤە بۆیە پێویستە هەوا پاکژ و خاوێن بێت، ئاشکرایە کە پیسبوونی هەوا زۆر زیاترە لە پیسبوونی خاک و ئاو، شایانی باسە ساڵانە بە هۆی پیسبوونی هەواوە لە جیاندا سێ ملیۆن کەس دەمرێ، سییەکانی مرۆڤی ئاسایی لە ڕۆژێکدا ٢٢٠٠٠ جار هەناسە وەردەگریت، بەمەش لایەنی کەم پێویستی بە ١٥٠٠٠ لیتر هەوا هەیە کە بە کێش دەگاتە ١٦ کگم ئەم وزەیە زۆر زیاترە لە سەرجەمی نان خواردن و ئاو خواردنەوەی مرۆڤی ئاسایی، ئەمە لە کاتێکدا لەشی مرۆڤ تەنیا پێویستی بە بڕی ٢,٥ کگم لە ئاو و ١,٥ کگم خواردن هەیە لە ڕۆژێکدا.

گرنگترین ئەو توخمانەی کە بەرگە هەوایان پیک هێناوە بە ڕێژە بریتین لە

توخم ڕێژەی لە سەدا (٪)
نایترۆجین ٧٨,٠٧
ئۆکسجین ٢٠,٩٥
ئارگۆن ٠,٩٣
دوانۆکسیدی کاربۆن ٠,٠٣٤
نیۆن ٠,٠٠١٨
هیلیۆم ٠,٠٠٠٥٢
ئۆزۆن ٠,٠٠٠٠٦
هایدرۆجین ٠,٠٠٠٠٥
میسان ٠,٠٠١٥
کریتۆن گازێکی دەگمەنە
زینۆن گازێکی دەگمەنە

سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی

ا- پیسبوونی سروشتی

ب- پیسبوونی ناسروشتی (دەستکرد)

پیسبوونی سروشتی هەوا

ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە سروشتین و مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە لەوانە:

١- گڕکان: تەقینەوەی کانە بورکانییەکان بڕێکی یەکجار زۆر لە گازەکان و خۆڵەمێشی بورکانەکان فڕێ دەدات و کیلۆمەترێک بەرز دەبێتەوە بە جۆرێک دەگاتە ئاستی چینی دووەم و کاریگەرییەکی خراپی دەبیت لەسەر کەش و هەوا و ژینگەی بەرگە هەوا، جێی باسە لە هەر تەقینەوەیەکی بورکانیدا ئەم گازانە دەردەپەڕن وەک لەم نەخشەیەدا ڕوون کراوەتەوە.

پێکهاتە گازییەکان ڕێژە (٪)
هەڵمی ئاو ٧٠,٧٥
دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ١٤,٠٧
هایدرۆجین ٠,٣٣
ئارگۆن ٠,١٨
نایترۆجین ٥,٤٥
دوانۆکسیدی گۆگرد ٦,٤٠
سێیەم ئۆکسیدی گۆگرد ٠,٠٥

٢- تۆز و خۆڵ: بە هۆی ڕەشەبا و گێژەڵۆکە دەگوازرێتەوە، دەبێتە هۆی گواستنەوەی تەنە ڕەقەکان لە خاک و خۆڵ و لمی ورد کە لە بنەڕەتدا تەنی کانزایی و خوێیی و میکرۆب و سپۆری ڕووەک و بەکتریایە، ئەم ماددە و زیندەوارانە کە لە هەوادا هەن دەبنە هۆی لێڵبوون و کزبوونی بینین، بە باشی نەگەیشتنی تیشکی خۆر بۆ سەر زەوی کە زیان بە ڕووەکەکان دەگەیەنێت، هەروەها هەڵمژینی ئەو ماددە و میکرۆبانەی کە لە هەوادا هەن زیانێکی زۆری هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ و دەبێتە هۆی تووشبوونی مرۆڤ بە چەندەها نەخۆشی ترسناک بە تایبەتی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە وەکو تەنگە نەفەسی و هەڵئاوسانی سییەکان و شێرپەنجەی سییەکان و حەساسییەت و سووتانەوەی بۆرییەکانی هەوا.

٣- ئاگرکەوتنەوە: ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و لەوەڕگاکاندا کە بە هۆی بروسکە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زۆر بەتین لە مانگە گەرم و وشکەکاندا ڕوو دەدات، وەکو ئەو ئاگرەی کە ساڵی ٢٠٠٠ ویلایەتە یەکگرتووەکانی گرتەوە بە هۆی وشکەساڵییەوە کە چەندان هێکتار زەوی و دارستانی سووتاند، گرنگترین ئەو پێکاتە و گازانەی لە ئەنجامی سووتانەوە دەردەچن و تێکەڵ بە هەوا دەبن بریتین لە هەڵمی ئاو، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی ئۆزۆنەکان، دیارترین ئاگرکەوتنەوەی ساڵی ٢٠١٠ لە ڕووسیا بوو کە هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بوو زەرەر و زیانێکی زۆری لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە گەیاندا، شایانی باسە بە هۆی ئەو ئاگرەی کە ڕووسیای گرتەوە هەناردەکردنی دانەوێڵی ئەو وڵاتە وەستا.

٤- میکرۆب: بەکتریا و میکرۆب لە هەوادا زیاتر دەبێت بە تایبەتی لە شارە چڕەکاندا و لە شوێنە شێدارەکان و جەنجاڵەکاندا، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە گشتی هەیە بە هۆی ئەو نەخۆشییە گواستراوانەی کە لە ڕێگەی هەواوە بڵاو دەبێتەوە بە تایبەتی ئەنفلۆزا و چەند نەخۆشییەکی تری بەکتریایی.

سەرچاوە ناسروشتییەکانی پیسبوونی هەوا

پیسبوونی هەوا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت بە پێی خێرایی با و جیاوازی پلەی گەرما و ڕێژەی باران بارین، لێرەدا هەندێک لە گرنگترین جۆرەکانی پیسبوون لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئەو پیسبوونە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەخەینە ڕوو:

یەکەم: پیسبوون بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO)

یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گازێکی ژەهراوییە، نە ڕەنگی هەیە نە بۆن، لە ئەنجامی سووتانی ناتەواوەوە دروست دەبێت کە زیاتر لە سووتانی بەنزینی ئۆتۆمبێلەوە دروست دەبێت ڕێژەکەشی لە شوێنی نیشتەجێوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، لە شوێنە سەوزەکاندا کەمترین ڕێژەیە، دروستبوونی ئەم گازە زیاتر لە وەستانی ئوتومبێلەکانەوە دەبێت لە ترافیکەکاندا سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئامێرەکان لە شاردا، ئەم گازە لە ڕۆژدا زیاترە بە بەراورد بە شەو.

ئەم گازە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەناسەدانەوە تێکەڵ بە خوێنی مرۆڤ دەبێت بە شێوەیەکی زۆر خێرا لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی خوێندا یەک دەگرێت بەمەش هەناسەدانی خانەکانی سست دەکات و دەبێتە هۆی ژەهراوییبوون ئەگەر ڕێژەی (٠،٠١ ٪) لەم گازە ڕاستەوخۆ هەڵمژین دەبێتە هۆی:

١- هەستکردن بە ماندووبوون

٢- هەناسە تەنگی

٣- گوێ زرنگانەوە

Comments